ئاژانسی قەلەندەر نیوز
ڕاستگۆیی - خێرایی لە هەواڵ - دەنگ و ڕەنگی جیاواز

نوێترین هەواڵ

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد.

0

 ئەمڕۆ پێنجشەممە 2 ی حوزەیران، لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد.




بە ئامادەبوونی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و بەڕێزان بریکاری وەزارەت و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارەکانی ئیدارە سەربەخۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆمان کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ پوختەیەکی دەربارەی کار و پڕۆژەکانی وەزارەت و ئەو چاکسازیانەی لە وەزارەتی ناوخۆدا کراون، لە چوارچێوەی پلان و کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی لە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی وەزارەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتییان لە بوارەکانی هاتووچۆ و نشینگە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و هەماهەنگیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
دواتر لە وتەیەکدا، ئاماژەمان بە گرنگی وەزارەتی ناوخۆ کرد، کە وەزارەتێکی گەورەو گرنگ و یەکێک لە سەرکەوتووترین وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانە، کە وێڕای ئەوەی وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە و چەندین جۆری خزمەت پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات، لە هەمانکاتدا جێبەجێکاری یاسا و بەرپرسیاریشە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییان بە هەماهەنگی و هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە، کە جێی خۆشحاڵیی و دەستخۆشییە، هەماهەنگییەکی باش هەیە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بە هۆی ئەم هەماهەنگیی و بەیەکەوە کارکردنە و بە هۆی هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی هەرێم لە گەڵ دەزگا ئەمنییەکان، ئێستا هەرێمی کوردستان، شوێنێکی ئارامە لە ناوچەیەکی نائارامدا.
هەروەها جەختمان لەوە کردەوە، کە دەبێ یاسا بە یەکسانی بە سەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ بکرێت و نابێت کەس لە سەرووی یاساوە بێت ، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆشمان ڕاسپارد کە لە جێبەجێکردنی یاسا و سزادانی تاوانباران، ئەوانەی بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و کۆمەڵگە، زۆر توند بن و هیچ چاوپۆشی و کەمتەرخەمییەک نەکەن لە بە سزاگەیاندنیان ، بە تایبەتی نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی تاوانی ڕێکخراو ئەنجام دەدەن و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێ شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستان تێک بدەن، بۆیە دەبێ بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم جۆرە تاوانانە ببنەوە .
هەروەها ئاماژەمان بە زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کرد و باسمان لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و سزادانی ئەو شوفێرانە کردەوە کە زۆر بە خێرایی و سەرەڕۆییانە و دوور لە هەموو ڕێنماییەک، ئۆتۆمبێل لێ دەخوڕن .
دووپاتمان کردەوە کە پێویستە لە فەرمانگەکانی حکومەت ، زۆر بە ڕێزەوە پێشوازی لە هاووڵاتییان بکرێت و بە باشترین و شایستەترین شێوە ، خزمەتیان بکرێت و پێویستە خزمەتکردن و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان، ئامانجی سەرەکی بەرپرسان و فەرمانبەرانی حکومەت بێت.

مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان





No comments:

Post a Comment

هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ © ئاژانسی قەلەندەر نیوز