ئاژانسی قەلەندەر نیوز
ڕاستگۆیی - خێرایی لە هەواڵ - دەنگ و ڕەنگی جیاواز

نوێترین هەواڵ

سەرۆک بارزانی: شۆڕشی گوڵان قۆناخێکی گرنگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە

0


 سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی 46ـەمین ساڵڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شۆڕشی گوڵان سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناخێكدا خەباتی گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی كورت تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و هێزێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ئازادی.

 
ئەمڕۆ 46 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان تێدەپەڕێت. سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، "شۆڕشی گوڵان قۆناخێکی گرنگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە. ئەم شۆڕشە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو".
 
دوای رێككه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر و نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول، شۆڕشی گوڵان هه‌ڵسانه‌وه‌یەكی دیكه‌ی كورد بوو له‌ باشووری كوردستان. ئەو شۆڕشه‌ درێژه‌ پێده‌ری شۆڕشی ئه‌یلوول بوو کە له‌ 26ی گوڵانی 1976 به‌رپابوو.
 
سەرۆک بارزانی لە بەشی نۆیەمی بەرگی چوارەمی کتێبی " بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد" باسی رۆڵی ئیدریس بارزانی لە شۆڕشی گوڵان کردووە. لە نووسینەکەدا هاتووە کە "کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، هەروەها بایەخ و گرنگیی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا".
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی دیکە." هەروەها دەشڵێت، "پێزانینم بۆ هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و رێكخستنەكانی ناوخۆ و ئەو نیشتمانپەروەرانە هەیە كە فیداكارانە ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و بوونە بەشێك لە شانازییەكانی گەلەكەمان."
 
لە بەشێكی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، "لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازیان بۆ گەلەكەیان بەدی هێناوە".

No comments:

Post a Comment

هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ © ئاژانسی قەلەندەر نیوز