یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە یاریگەی ستاد دو فرانس لە پاریس بەڕێوەچوو، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیی هاندەران و چوونە ژوورەوەی زیاتر لە 15 هەزار هاندەر بەبێ بلیت، یارییەکە 31 خولەک درەنگتر لە کاتی دیاریکراوی خۆی ئەنجامدرا.
لەنیوەی یەکەمی یارییەکەدا، یانەی لیڤەرپوول باشتر یارییکرد، چەندجارێک خۆی لە گۆڵی ریال مەدرید نزیککردەوە، بەڵام کۆرتوا ئازایانە بەرگریی لە گۆڵەکەی کرد و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
لەنیوەی دووەمدا لە خولەکی 59 ڤینیسیۆس جونیۆر گرنگترین گۆڵی خۆی تۆمارکرد و ریال مەدریدی پێشخست، دوای ئەم گۆڵە لیڤەرپوول هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی ئەنجامەکە راستبکاتەوە، بەڵام یاریزانانی یانەی شاهانە بەرگریان لە ئەنجامەکە کرد و لۆس بلانکۆس یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
ئەمە جاری چواردەیەمە لە مێژوودا ریال مەدرید دەبێتە پاڵەوانی ئەوروپا.
کارلۆ ئەنچێلۆتی یەکەم راهێنەرە 4 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بردبێتەوە، دوو جار لەگەڵ میلان لە 2003 و 2007، دوو جار لەگەڵ ریال مەدرید لە 2014 و 2022.
بەبردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ریال مەدرید 79 ملیۆن و 75 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت و تەنیا بەبردنەوەی یاریی کۆتایی 19 ملیۆن یۆرۆی پێدەدرێت.
دوای بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید لە یاریی جامی سوپەری بەرامبەر یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەکات، کە رۆژی 10ـی 8 بەڕێوەدەچێت.
No comments:
Post a Comment