بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر راگەیاند، یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکراوە کە تەمەنی 17 ساڵە و لەژێر چاودێریدایە.
رۆژی سێشەممە 10-05-2022 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە و دەڵێت، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری هەولێرە و تەمەنی 17 ساڵە، ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
پێشتر و لە 7ی ئایاری 2022 گومانلێکراوێکی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی راپەڕین هەبوو، د. دلۆڤان محەممەد، پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو گومانلێكراوەی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی راپەڕین پشكنینەكەی دەرچووە، دەركەوتووە كە تووشی پەتاكە نەبووە،" کە منداڵێکی دوو ساڵان بووە و لە ناوەڕاستی عێراقەوە چووبووە راپەڕین.
لە عێراق نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تاوەکو ئێستا لە چەندین شار و شارۆچکەی عێراق تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون.
رۆژی 01-05-2022 یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک راگەیێندرا، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، تووشبووەکە گۆشتفرۆشە و کەرەنتین کراوە.
تەندروستیی کەرکووک بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، جیا لە لیژنە مەیدانییە هاوبەشەکان، لیژنەیەکی تەندروستیی پێکهێنا لە نەخۆشخانەکان بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی خەڵک.
دکتۆر زانا ئەحمەد ساڵەیی، پزیشکى پسپۆڕى هەناو بەمشێوەیە باسی تاى خوێنبەربوون دەکات:
- چەند نەخۆشییەکن، بەهۆى هەندێک ڤایرۆسێکەوە روودەدەن.
- بە شێوەیەکى سەرەکى لە ئاژەڵەوە و هەندێک جاریش لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە.
- دیارترین ئاژەڵەکان: مەیموون، گەنە، مێش و مەگەز، قرتێنەرەکان، شەمشەمەکوێرە و مەڕوماڵات (بەدەگمەنى).
- نیشانەکان: (وەک لە ناوەکەوە دیارە) تا و خوێنبەر بوون، هەر چەندە ئەمەى دووەم درەنگتر ڕوودەدات، هەبوونیشی توندیی نەخۆشییەکە دەگەیەنێت. نیشانەکانى تر: لەش داهێزران، ژانەسەر، سەرسووڕان، ئازاری لاشە، قوڕگ ئێشە، سکچوون، ڕشانەوە.
- هەر کەسێک سەردانى ناوچەى بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەکەى کردبێت یان سەروکارى لەگەڵ تووشبوواندا یان بەرکەوتنى لەگەڵ ئاژەڵى نەخۆشدا هەبووبێت، ئەو نیشانانەشى هەبێت، ئەگەر هەیە تووشبووبێت، بۆیە دەبێت خێرا سەر لە نەخۆشخانە بدات.
- لە کاتى بەرکەوتنەوە تا دەرکەوتنى نیشانەکان 2-3 هەفتە دەبات.
- بە پشکنینى خوێن و میز دەستنیشان دەکرێن.
- کە خوێن نەوەستێت و پشکنینەکانى هەناسە، جگەر، گورچیلە تێکبچێت، دەکات نەخۆشییەکە تووندە و ئەگەرى مردن زیاد دەبێت.
- کوتان هەیە دژى هەندێکیان، بەڵام وەک پێویست کاریگەر نین، بۆیە باشترین شت خۆپاراستنە.
گرینگترین رێگە خۆپارێزییەکان چین؟
1. نەچوون بۆ شوێنى بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەکە.
2. نزیک نەبوونەوە لە تووشبووان.
3. دەست شوشتن بە ئاوى گەرم لەگەڵ سابوون و باشتریش تایت.
4. بەکارهێنانى دەستکێش و دەمامک لە کاتى خەریک بوون بە ئاژەڵان.
5. باش کوڵاندنى گۆشت.
6. خۆپاراستن لە پێوەدانى مێش و مەگەز.
No comments:
Post a Comment