ئاژانسی قەلەندەر نیوز
ڕاستگۆیی - خێرایی لە هەواڵ - دەنگ و ڕەنگی جیاواز

نوێترین هەواڵ

نرخی نەوت جێگیرە، روبڵی رووسی بەرزبووەوە و تمەنی ئێرانی زیاتر دابەزی

0

 بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین نیگەرانیی زۆری بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت دروستکردووە و بەهۆیەوە نرخی نەوت رۆژی سێشەممە 10ی ئایار بە رێژەی 6% دابەزی، ئەمڕۆش نرخی نەوت بە جێگیری ماوەتەوە. بەهای روبڵی رووسییش بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئێستا یەک دۆلار بەرامبەرە بە 67 روبڵ و چەند سەنتێک.



رۆژی سێشەممە 10-05-2022 نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە داخرانی شارە گەورەکانی چین وەکو شانگهای و پەکین، هەروەها سسستبوونەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە درێژەیان دا بە دابەزینە گەورەکەی رۆژی دووشەممە، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئایار نرخی نەوت بە جێگیری ماوەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 104 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ئەمڕۆ چوارشەممە یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 104 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی سێشەممە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1 دۆلار و 42 سەنت دابەزی و بە 101 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساس بە 101 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێودەکرێت.
 
ئەندرۆ لیپۆ، شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکان و سەرۆکی کۆمپانیای (لیپۆ ئۆیل) رایگەیاندبوو، "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بە نەرێنی کاریگەریی کردووەتە سەر بازاڕەکانی نەوت کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی فرۆشتن، هاوکات لەگەڵ بازاڕەکانی بۆرسە."
 
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین خواستی ئەو وڵاتەی بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی 4.8% دابەزاندووە.
 
بەهای دۆلار گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە 20 ساڵی رابردوودا
 
بەهۆی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و هەروەها بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییە درێژخایەنەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی دیکەی جیهان ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە 20 ساڵی رابردوودا.
 
نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان و هەروەها داڕمانی بۆرسەکانی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆئەوەی وەبەرهێنەران روو لە کڕینی دۆلار بکەن کە بە سامانێکی سەلامەت هەژمار دەکرێت.
 
بازرگانانی نێودەوڵەتیی دراو نیگەرانن لەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی کە هەفتەی رابردوو سوودی بانکیی بەرزکردەوە، هێشتا نەتوانێت کۆنترۆڵی رێژەی هەڵاوسان بکات و ئەگەری هەیە پێویستی بە بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی بۆ سەرووی 0.75% بێت.
 
ئەمە وایکردووە کە خواست بۆ کڕینی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا زۆربێت کە دواجار بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.
 
هاوکات بەهای روبڵی رووسی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، ئەوەش بەهۆی بڕیاری ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە مامەڵەکردنی ئەو وڵاتە بە دراوی رووسی لە بەرامبەر فرۆشتنی گازی سرووشتیی وڵاتەکەی بە وڵاتانی رۆژئاوا. بەهای تمەنی ئێرانییش بەرامبەر دۆلار دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینیوە.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 950 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 1.053 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.232 GBP/USD
 
دۆلار - یەن 130.433 USD/JPY
 
دۆلار - لیرە 15.33 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 29 هەزار و 420 تمەن USD/IRR
 
یەک دۆلاری ئەمریکی: 67.37 روبڵی رووسی
 
نرخی زێڕ و زیو
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک ئێستا هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزیوە بۆ 1837 دۆلار. هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو بە 21.45 دۆلارە.


No comments:

Post a Comment

هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ © ئاژانسی قەلەندەر نیوز