وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دڵخۆشن بەوەی لە هەرێمی کوردستان ئیرادەیەک بۆ بەرەوپێشچوونی چاکسازی هەیە و دەڵێت، "لە دواهەمین هەوڵماندا لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەکنەلۆجیای بانکەکان بڕیارە لە کەمترین ماوەدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی کارت مووچەکانیان وەربگرن."
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئایاری 2022 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازیی لە دو تاينتواتچ، بەرپرسی بەشی سیاسی-ئابووری و سێث پاچ، سەرۆکی یەکەی ئابووری لە كۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، کرد. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان دوا پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکانیان لە دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
وەزیری دارایی و ئابووری باسی لەوە کردووە، "سەرەڕای دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، نابێت لەبیرمان بچێت کە لە سەرەتای ساڵی 2013وە حکومەتی ناوەندی عێراق گەمارۆیەکی ئابووریی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە."
ئاوات شێخ جەناب گوتووشیەتی، "دڵخۆشین بەوەی لە هەرێمی کوردستان ئیرادەیەک هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی چاکسازیی سەرتاسەری."
هاوکات وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، "لە دواهەمین هەوڵماندا لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەکنەلۆجیای بانکەکانەوە، بڕیارە لە کەمترین ماوەدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی کارت مووچەکانیان وەربگرن."
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، شاندە ئەمریکییەکە پرسیاری ئەوەیان ئاراستەی وەزیری دارایی و ئابووری کردووە، "کارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری چۆن بەرەو پێش دەچێت؟" لە وەڵامدا وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاندووە، "بە هەموو ئاستەنگەکانەوە هەوڵی تەواومان داوە بە کەمکردنەوەی رۆتین و بەئەلیکترونیکردنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتمان، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە بۆ هاووڵاتییان."
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شاندە ئەمریکییەکە پشتگیریی خۆیان بۆ وەزارەتەکەیان دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە داوە کە "بۆ هەموو سێکتەرەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری پاڵپشت دەبین، لەپێناو سەرخستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و وەزارەتی دارایی و ئابووری بەتایبەتی."
No comments:
Post a Comment