ئاژانسی قەلەندەر نیوز
ڕاستگۆیی - خێرایی لە هەواڵ - دەنگ و ڕەنگی جیاواز

نوێترین هەواڵ

شاڕێگە

0


شاڕێگە
زکری مووسا

كاتی خۆی كە هیندییەكان ژمارەی (سفر)ـیان داهێنا كەس بڕوای نەدەكرد ئەم ژمارەیە كە بە مانای (هیچ)ـیشەوە دێت ئەوەندە كاریگەریی قووڵ لەسەر ماتماتیك و ژمێریاری و هەموو ئەو ژماردنانە بنێت كە ژیانی مرۆڤی نوێی پێوە بەندە. بەهۆی سفرەوە مەوداكان، ئەستێرەكان، پارە، دانیشتووان، بەرهەمەكان دێنە حساب كردن. ئێستا سفر بڕبڕەی پشتی دیجیتاڵ و كۆمپیۆتێر و جووڵەی كەشتی و فڕۆكە و مووشەك و تڕومبێلەكانە. چەند كەسمان لە گرنگیی ئەو ژمارەیە گەییشتووە؟ ئەگەر سفر لە ژیانماندا نەمێنێ چیی ڕوو دەدات؟ مسڕییەكان لە ماتماتیك و هەندەسە و نووسین و خەت و كاغەزی پاپیروس بلیمەتی ناو مێژوو بوون. ئێستایشی لەگەڵ بێ بە دروستی نازاندرێ ئەهرامەكانیان چۆن دروست كرد. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر زانستیان نەبا نەیاندەتوانی ئەو شاكارانە بخوڵقێنن و شارستانییەتی مسر بخەنە سەر پێ.
(یوهانس گوتنبێڕگ)ـی ئەڵمانی لە سەددەی پانزەهەمی زایینی ماشینی چاپی داهێنا. (جەیمز وات)ـی بڕیتانی لە سەددەی هەژدە ماشینی هەڵمی داهێنا. كۆمەڵگەی فیودالی و كشتوكاڵیی ئەو كاتی ئەوڕووپا كە دەرگیری پەتا و نەخۆشی و هەژاری و كێشەی زۆریی دانیشتوان بوو، لەم بڕوایەدا نەبوون كە ئەم كەرگە ئاسنانە (ماشینی هەڵم و چاپ) كاریگەریی ئەوتۆ لە ژیانیان دروست بكات. بەڵام زۆری پێ نەچوو كەشتی و لۆكۆمۆتیڤەكان بە هەڵم كەوتنە كار و پڕۆسەی كۆلۆنیالیزم و دەوڵەمەندبوونی ڕۆژئاوا و پێشكەوتن بە خێرایی گەشەی سەند. ماشینی چاپ زانست و فەلسەفە و مەعریفەی بە هەموو ئەوڕووپادا بڵاو كردەوە.
هەموو قۆناغە گرنگەكانی ژیانی بەشەرییەت و وەرچەرخانەكان كەشفێكی زانستیی لە پشت بووە. عادەتەن ئەو ئیمپراتۆرییانە براوەی شەڕەكان بوون كە چەك و تەقەمەنی و ساز و بەرگی سەربازیی باشتریان هەبووبێت. ئەمەیش هەمووی بە زانستەوە دەكرا. مێژووی مرۆڤ پڕن لەو نموونانە. گەشەی زانست و بەرهەمە نایابەكانی زانایانی ئیسلامی یارمەتیدەر بوون موسڵمانان ئیسپانیا بگرن و بگەنە دەروازەكانی ڤییەنا. (سێو)ـەكەی ئایزاك نیوتۆن، (تێلێسكۆپ)ـەكەی گالیلە و نیكۆلاس كۆپەرنیك، (تیۆری)ـیەكەی ئەنیشتاین، و (كوانتۆم)ـی ماكس پلانك، تەكانێكی سەرسووڕهێنەری بە شارستانییەتی ڕۆژئاوا دا كە لە مێژوودا وێنەی نەبوو. لەوەیش بترازێ دەستكەوتە گرانبەهاكانی زاناكان لە بواری پزیشكی ئیتر بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ مرۆڤی لە پەتا ڕەشەكان و نەخۆشییە هەمەگیرەكان ڕزگار كرد. ئەمە جگە لەوەی لە بەرەی زانستە مرۆڤییەكانیش دابەشبوون و پێشكەوتنی ورد ڕووی دا.
هێنانەوەی ئەو نموونانە بۆ ئەوە بوو كە تێبگەین ئەگەر شارستانییەتەكان لە بەرگی ئایدیۆلۆژییا و بابەتە ڕووكەشەكان ڕووت بكرێنەوە، دەستبەجێ جەستەی زانست دەدرەوشێتەوە. ئەگەر لە پشتەوەی سیستەمێكی تۆكمەی سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتی زانای گەوەری سیاسی و دیمۆگرافی و بوروكراسی و دەوڵەتداری وەستا بن، ئەوە لە پشت ئەوانەیش زانست و زانایانی زانستی سرووشتی بە باڵایەكی بەرزترەوە وەستاون. ئەگەر لە پشتەوەی شۆڕشی فەڕەنسا 1789 كەڵە پیاوانی وەك ڕۆسۆ و ڤۆلتێر و مۆنتسكیۆ وەستاون بە دڵنیاییەوە لە پشتەوەی ئەوانیش زانایان و پزیشكان و سرووشتناسان وەستاون. ئەوە زانست بوو چوارچێوەی پۆڵایینی سەددە تاریكەكانی ناوڕاستی ئەوڕووپای لە مانا بە تاڵ كرد. ئینجا كەڵە پیاوانی وەك دیكارت و كانت و هێگڵ و سەدانی تر توانیان قسەیان هەبێ بۆ باشتركردنی ژیانی ئینسان و ڕێكخستنی كۆمەڵگە و بنیاتنانی دەوڵەت. ئەوان پشتئەستوور بوون بە هێزی لەبننەهاتووی زانست و یاساكانی زانست كە بەدیهین و نیقاش هەڵناگرن.
زانست ئاستی ژیانی هەموو چینەكانی كۆمەڵگەی ئەوڕووپایی گۆڕی. جاران زۆربەی گەڕەكەكانی لەندەن و پاریس و شارە گەورە و بچووكەكانی ئەوڕووپا خەڵكی هەژار جمەی دەهات. خەڵك لەناو كۆڵانە كەڕوگرتووەكان لەگەڵ مشك و جرجەكان و برسیەتی و بێدادی چینایەتی و نەخۆشیدا دەستوپەنجەیان نەرم دەكرد. زانست یارمەتیی هەمووانی دا باشتر بژیین و دیتێكی ڕوونتر بۆ ژیان وەدەست بخەن. جوولەكەكان نموونەیەكی ترن كە لە سوودوەرگرتن لە زانستەوە توانیان سەروەری مسۆگەر بكەن و وڵات بنیات بنێن و شەڕی عەرەبەكان بكەن و ئێستایش بە سەركەوتوویی توانیویانە خۆیان بپارێزن. خانەوادەی(كیم)ـەكانی كوریای باكوور، فیزیا و زانستی سەربازییان كردە تەوەری كاری خۆیان بۆ ئەوەی وڵاتە برسییەكەیان وا لێ بكەن زلهێزەكان لێی بترسن. ژاپۆنییەكان بە شەجاعەت و ویژدانی كاری و زانستەوە توانیان شەرمەزاریی دۆڕاندنی شەڕ تێبپەڕێنن و ببنە یەكێك لە سەقامگیرترین وڵاتانی جیهان. چیڕۆكی ئەڵمانیا و پلینگەكانی ئاسیایش جێگەی هەڵوەستن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا ئێرانییەكان ویستیان ئەم ڕێگەیە تاقی بكەنەوە و هەوڵیشیان بۆ دا بەڵام قاڵبەكانی سیستەمی حوكمڕانی ڕێگەی نەدا ئەم شاڕێییە سەركەوتوویی و بەختەوەریی بۆ ئەوان بەدی بهێنێت.
ئەمانە هەر هەمووی نموونەی زیندوو و مێژوویین بۆ ئێمە. گەلی كورد بەهۆی بارودۆخی سیاسی و جیۆپۆلیتیكییەوە بواری بۆ نەڕەخساوە تەنانەت بیر لە تاقیكردنەوەی زانست وەك ڕزگاركەر بكاتەوە. تەنیا لانكەی جێگەی ئومێدی كورد لە هەموو جیهاندا هەرێمی كوردستانی عێراقە. بە دەیان نموونە هەن كە پێمان دەڵێ ئەگەر زانست لە هەرێمی كوردستاندا جێگەی قایمی هەبا ژیانی خەڵك و هێزی هەرێم لە ئاستێكی تردا دەبوو. شەڕی داعش شەڕێكی دژوار و نوێ بوو. پێشمەرگە قارەمانێتیی بێوێنەی نیشاندا بەڵام هاوكێشەكانی شەڕ بە چەكی میلان و زرێپۆش و لێدانی فڕۆكە گۆڕا كە هەرهەمووی پەیوەندی بە زانستەوە هەیە. ئەگەر ئەمانە نەبان ژمارەی شەهید و بریندارانی پێشمەرگە هێندەی تر هەڵدەكشا. لە لایەكی دیكەوە ئەگەر ئێمە ژێرخانی زانستی كشتوكاڵی بەهێزمان هەبا چ پێویستی دەكرد پەتاتە و پیاز و هێڵكە و دۆ و پفەك و میوە لە دەرەوە بێنین و ساڵانە ملیاردها دۆلارمان بۆ دەرەوەی كوردستان بڕوات. ئەگەر بونیەی زانستیی بیناسازیمان هەبا و زانكۆكانمان خۆراكی زانستیان بە كۆمپانیاكان بدایە بۆچی ناچار دەبووین ملیارها دۆلارمان بۆ توركەكان بڕوات؟ ئەگەر ژێرخانی تەندروستی پتەو با بۆ چی بڕێكی زۆری پارە بۆ چارەسەری پزیشكی بۆ ئێران و توركیا و ئۆردۆن و هیندستان و ئەڵمانیا بڕوات؟
ئەگەر هۆشیاریی زانستیمان لە ئاستی پێویست با چۆنچۆنی بابەتێكی وەك كۆرۆنا ئەوها دەبووە سەرچاوەی قەیران و خەراپحاڵیبوون و هەڵپەرستیی هەندێ ئەكتەری سیاسیی بێ نەزاكەت؟
ئێمە جارێ ناتوانین سەروەریمان هەبێ. هەموو هاوكێشە سیاسییە دەولییەكان بە یاسای نێو دەوڵەتیشەوە لەدژی مافی ڕەوای كورد بۆ سەربەخۆیی سەنگەریان گرت. ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێك دەژیین كە گرژ و ناسرووشتی و تاییفی و دواكەوتووە. بەدەست زۆرێك پەرتەوازەیی و سوئی تەفاهوم و نالەباریی ناوخۆییەوە دەناڵێنین. ئەم فاكتەرانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هێزی كورد كەم دەكەنەوە. كەچی ئێمە پێویستیمان بە هێزە بۆ ئەوەی نەخورێین و نەفەوتێین و نەتوێینەوە. زانست و ژێرخانی زانستی شاڕێگەیەكە بۆ بەهێز بوون. كورد لەم دەرگەیەی نەداوە بەڵام دەبێ ڕۆژێك بێت ئەم دەروازەیە تاقی بكاتەوە كە سەرچاوەی هێز و پێشكەوتن.

No comments:

Post a Comment

هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ © ئاژانسی قەلەندەر نیوز