بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، کۆسپی بەردەم درێژەپێدانی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان هەڵگیرا.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی هەینی 13-05-2022 بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند، سەردانی ئێنریکێ مۆرای جێگری و هاوئاهەنگیکاری دانوستاندنە ئەتۆمییەکان بۆ تاران بە رادەی پێویست ئەرێنی بووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان.
جۆزێپ بۆرێل ئاماژەی بەوەدا، پێش سەردانەکەی مۆرای، دانوستاندنەکان گەیشتبوونە بنبەست، بەڵام ئێستا ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەئارادایە.
هەروەها حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا بڕیاری سیاسی بدات و پابەندی بەڵێنەکانی بێت، رێککەوتنێکی باش کە بتوانن پشتی پێ ببەستن، بەردەستە.
ئێنریکێ مۆرا رۆژی سێشەممە سەردانی تارانی کرد و رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لەگەڵ عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی شاندی دانوستاندنکاری ئەتۆمی ئێران کۆبووەوە. تاوەکو ئێستا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بڵاونەکراوەتەوە.
پێشتر وا بڵاوکرابووەوە، پێداگری ئێران لەسەر دەرهێنانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر و رەتکردنەوەی لەلایەن ئەمریکا، دانوستاندنەکانی گەیاندووەتە بنبەست.
No comments:
Post a Comment