لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دوای تەواوبوونی وەرز پەیامێکی بو هاندەرانی یانەی پاریسی نارد، گوتیشی "ئێمە لە ریال مەدرید باشتر بووین".
دوای ئەوەی دوایین یاریی ئەم وەرزەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان ئەنجام دا، کە 5-0 لە میتزیان بردەوە، لیۆنێل مێسی خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە بۆنەی بردنەوەی یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەی پاریسی.
مێسی لە ئێنیستاگرامەکەیدا، نووسیویەتی "وەرز کۆتاییهات و حەزمکرد سوپاسی هاوڕێیانم لە تیپەکەمان بکەم بۆ ئەو مامەڵە جوانەی لەگەڵ منیان کرد لە وەتەی بوومەتە یاریزانی پاریس سانجێرمان، هەروەها دەمەوێت سوپاسی خێزانەکەشم بکەم کە بە بەردەوامی پشتگیر و پشتیوانم بوو".
ئەستێرەی ئەرجەنتینی، زیاتر نووسیویەتی "بەهۆی هەموو ئەوەی روویدا ئەمساڵ بۆ من ساڵێکی جیاواز بوو، بەڵام لە کۆتاییدا نازناوی خولمان بردەوە، من زۆر بەپەرۆش بووم بۆ بردنەوەی، لەبەرئەوەی یەکەم نازناوی منە لێرە لە پاریس".
ئەو دەشڵێت "ئێمە بەشێوەیەکی ناخۆش و تاڵ ماڵئاواییمان لە چامپیۆنزلیگ کرد، لە یارییەکدا کە ئێمە باشتربووین، لە هەمانکاتدا دڵخۆشم کە نازناوێکی دیکەم زیادکردووە، کە بەڕاستی یەکێک بوو لە ئامانجەکانم".
لە کۆتایی نووسینەکەیدا، لیۆ دەڵێت "بەدڵنیاییەوە ساڵی 2022 شتە باشەکان دێن، ساڵێکی گرنگ دەبێت و ئێمە لەپێناو هەموو نازناوەکان تێدەکۆشین، بەمزووانە دەتانبینمەوە".
پاریس سانجێرمان ئەمساڵ لە قۆناخی 16ـدا ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا 1-3 بە ریال مەدرید دۆڕا، ئەگەرچی لە یاریی چووندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانە مەدریدییەکەی بردبووەوە.
No comments:
Post a Comment