ئاژانسی قەلەندەر نیوز
ڕاستگۆیی - خێرایی لە هەواڵ - دەنگ و ڕەنگی جیاواز

نوێترین هەواڵ

ئاڵوگۆڕی قوتابی لە نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆ عەرەبییەکان دەست پێدەکات

0




ڕێککەوتنی نێوان زانکۆی سۆران و ژمارەیەک لە زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاڵوگۆڕی قوتابی جێبەجێ دەکرێت. لەم چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆی سۆران بۆ ماوەی مانگێک و بە مەبەستی خوێندنی کۆڕسێکی مەشقی هاوینە ڕەوانەی میسر و عەممان دەکرێن. پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابیی نێوان زانکۆی سۆران و چەند زانکۆیەکی عەرەبی چەندین بەشی زانستی و پسپۆڕی جیاجیا دەگرێتەوە.

قوتابیانی زانکۆی سۆران لە فاکەڵتیی یاسا، زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن و فاکەڵتی زانست و فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی سۆران دەتوانن بەشداری لە وەرگرتنی کۆڕسەکاندا بکەن. قوتابیان دەتوانن لە وڵاتی میسر لە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا لە هەریەکە لە بەشەکانی (سیاسەت، کارگێڕی کار، ژمێریاری و کۆمپیوتەر) و لە زانکۆی فیوم لە هەریەکە لە بەشەکانی (بایۆلۆجی و جیۆلۆجیا) و هەروەها زانکۆی نزوی لە هەریەکە لە بەشەکانی (زمانی عەرەبی و زمانی ئینگلیزی) لە وڵاتی عەممان کۆرسی مەشقی هاوینە وەربگرن.
مانگی ئاداری ۲۰۲۲، شاندێكی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سۆران به‌شداری له ‌دیدارێکی نێوده‌وڵه‌تیدا كرد. ٢٧ـەمین خولی دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و له‌ زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا لە وڵاتی میسڕ به‌ڕێوه‌چوو. له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها زانكۆی سۆران و زانكۆیەکی دیکە به‌شداربوون. له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش چوار زانكۆ به‌شداربوون. له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بیش له‌ دوازده ‌وڵاته‌وه، ‌٣٦ زانكۆ به‌شداربوون. ئامانجی دیدارەکە، بریتی بوو له ‌پرسی هه‌ماهه‌نگیی نێوان زانكۆ به‌شداره‌كان و بابه‌تی ئاڵوگۆڕی قوتابیان، كه‌ ساڵانه‌ له ‌نێوان زانكۆكاندا ئەنجام دەدرێت. هەروەها تەوەرێکی دیکە بریتی بوو لە ئه‌نجامدانی مه‌شقی هاوینه ‌و ڕاهێنانی داهێنانكارانه ‌له ‌نێوان قوتابیاندا. بڕیار درا لە ماوەی ڕۆژانی نێوان ۱ تا ۳۱ـی مانگی تەمووز، بەرنامەی ئاڵوگۆڕی قوتابیی نێوان زانکۆکان جێبەجێ بکرێت.

No comments:

Post a Comment

هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ © ئاژانسی قەلەندەر نیوز